کاتێک پێم نایە نێو حەرەمی مزگەوتەکەوە، بێدەنگییەکی قووڵ باڵی بەسەر تەواوی شوێنەکەدا کێشابوو. خەڵک بە هێمنی دانیشتبوون و لاپەڕەکانی قورئانیان هەڵدەدایەوە؛ بە ڕووی قیبلەدا دەیانناڵاند و دوعایان دەکرد. دیاربوو هەوڵیان دەدا ئەو ڕۆژانەیان لەبیر بچێتەوە کە لەم شوێنەدا بڕیارێک درا و تەواوی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد.
وێنە: ئەبو بەکر بەغدادی رۆژی راگەیاندنی خیلافەتەکەی لە مزگەوتی نوری
لێرەوە دەستی پێکرد؛ ڕووداوێک کە جیهانی هێنایە دەنگ تا ئەو کاتەی کۆتایی پێهات. ئەبو بەکر بەغدادی، ڕێبەری ڕێکخراوی داعش، لەسەر منبەری ئەم مزگەوتە گەورەیەی شاری مووسڵ—کە بە “مزگەوتی نووریی گەورە” ناسراوە—بۆ یەکەمجار لە وتارێکی هەینیدا دەرکەوت و شەرعییەتی دا بە ڕاگەیاندنی “خەلافەتەکەی”.
داعش تەنیا لە سنوری ئەم مزگەوتەدا نەوەستا، بەڵکو ویستیان دەسەڵاتیان بەرفراوانتر بکەن. بە بڕوای ئەوان، هەر دەسەڵاتێک لە ڕێگەی شەریعەتەکەی ئەوانەوە نەبێت “کوفر” بوو. تەنیا شارێک و وڵاتێک نا، بگرە رووبەرێکی گەورەیان لە ناوچەکە کۆنتڕۆڵ کرد. هەرچی ئاین و مەزهەبی جیاواز لە دیدگای ئەوان بوو، بە “کافر”یان دانەنا و ماڵ و موڵکیان حەڵاڵ کردن؛ تا کار گەیشتە کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچانی ئێزدی لە بازارەکاندا.
وێنە: مزگەوتی نووری دوایی نەمانی خەلافەتی داعش 30/7/2026 : کاروان حەجی
لە سەردانێکی مەیدانیمدا بۆ ئەم مزگەوتەی کە فەتوای خەلافەتەکەی تێدا ڕاگەیەندرا، پرسیارم لە سەردانکەرێکی ڕۆژانەی مزگەوتەکە کرد دەربارەی ئەو ڕۆژە. ئەو گوتی:
“مزگەوتی نووری لە شاری مووسڵ و لەلایەن بڕوادارانەوە بایەخێکی مێژوویی و ئایینیی گەورەی هەیە. ئەو ڕۆژەی کە فەتواکەیان خوێندەوە، خەڵک لە ترسان و بەناچاری هاتبوونە خوتبەکەوە.”
لە کەسێکی تری ناو مزگەوتەکەم پرسی، بەڵام ویستی ناوی بڵاونەکرێتەوە و گوتی:
“ئەو ڕۆژانە تێپەڕین… ئێمە ڕاستەوخۆ لە دۆزەخ ڕزگارمان بوو.”
ئەمڕۆ خەڵک بە بێدەنگی دەهاتنە نێو مزگەوتەکە و وێنەیان دەگرت. دەیانویست ئەو دیمەنانە لای خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی پیشانی نەوەکانی داهاتووی بدەن، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لێرەوە بڕیارێکی شوم درا کە بووە هۆی خوێنڕشتنی سەدان هەزار کەسی بێتاوان.
کەسێک بە ناوی(محەممەد حەسەن)، دوکانێکی لە بەرانبەر مزگەوتەکە هەیە باسی ئەو رۆژە دەکات کە وتارەکە لە مزگەوتەکە پێشکێشکرا گوتی:” هەر لە دوایی وتارەکە دۆخی شارەکە گۆرا و دەست ب کوشتن و رفاندنی خەلک کرا.
” لە نێو کوچە و کۆلانەکانی شار بۆنی خۆینی لێ دەهات، هەرچی خراپی هەبوو لە دونیا دا، بە چاوی خۆمان دیت لە نێو شارەکەدا” محەممەد وای وت.
مزگەوتی نووریی گەورە، مێژوویەکی قووڵی تەلارسازی و ئایینیی هەیە کە بۆ سەدەی ١٢ی زایینی دەگەڕێتەوە و لەلایەن “نوورەدین زەنگی”یەوە دروستکراوە. کاتێک لە مزگەوتەکە هاتمە دەرەوە، هەستم کرد دیوارەکان بۆ هەمیشە ئازاری ئەو وتارەیان لە ئامێز گرتووە کە ژیانی ملیۆنان کەسی گۆڕی.
دواتر لە ناو گەڕەکەکانی دەوروبەری شارەکەدا سووڕامەوە؛ هێشتا ئاسەواری جەنگ لە سیمای کۆڵانەکاندا دیارە و بۆنی ئازاری لێدێت، کە هەمووی دەرئەنجامی ئەو فەتوایە بوو کە لە منبەری ئەم مزگەوتەوە درا و هەزاران ڕۆڵەی بێتاوانی کردە قوربانی.


