Shexan media

سەرۆک بارزانی: چەواشەکردن دیاردەیەکی جیهانییه!..

د. سالار عوسمان

لە میانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەرچوانی خولی بیستەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە وتارێکدا، وەک هەمیشە باسی کورد، بوون، شکۆ و شانازی و ئاییندەی کوردستانی کرد و لەو گێڵگەیەوە ئاخفی، کە هەمیشە بۆ کورد ڕووناکی و بۆ ناحەزان تاریکییە، گێڵگەی بڕوا، ئومێد و ئاییندە، کە دەبێ کورد بڕوای بە خۆی و دۆزەکەی پتەو بێت و، بە ئومێدەوە سەیری بەیانی بکات.

هەر جار سەرۆک بارزانی دەبینین، هێز و هەوێن، شیان و ڤیانی پترمان پێ دەبەخشێت و چیڕۆکی ئەودیو تونێڵی خەونەکانی نەتەوەیەکی چێڕۆکدار دەکا بە ڕووناکی ڕێگا.

جگە لە هەموو ئەمانە، ڕستە و ڕامانێک، کە ڕوانین و ڕوانگەیەکی ڕۆشنی بۆ من کردەوە، ئاماژەکردن بوو بە چەواشەکاری، کە وا ئاماژەی پێدا: (چەواشەکاری دیاردەیەکی جیهانییە!…).

سەرۆک لە ئاماژەکردن بۆ چەواشەکاری، ویستی پێمان بڵێ دۆزی کوردستان دۆزێکی ڕەوایە، بەڵام بەردەوام کارگەیەک هەیە بۆ چەواشەکردنی، چەواشەکردنی مێژوو، ڕووداو، کەسایەتییەکانی نێو دۆز، کەواتە لە کوێ کار و خەباتێک هەبێ بۆ دۆزی ڕەوا، بۆ ئازادی کوردستان، بۆ ئایندەسازیی، لەوێ کارگەیەکی چەواشەکاریی بەرنامەدار هەیە و هەموو بەها، چەمک و کارەکتەرەکان دەخاتە نێو ناوزڕاندن و چەواشەکردنەوە.

سەرۆک بارزانی هەر ڕووی لە قوتابیانی خولی بیستەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران نەبوو، ڕووی لە هەمووان بوو، کە پێویستە ڕووناک بیر بکەنەوە و ڕووناک ئاییندەسازیی بکەن و بەردەوام چارەسەرمان پێ بێت، بەڵام چارەسەرێک عیززەتی کورد و کوردستان بپارێزێت.