ڕاپۆرتی مەیدانی: کاروان حەجی
کاتێک پێم نایە نێو حەرەمی مزگەوتەکەوە، بێدەنگییەکی قووڵ باڵی بەسەر تەواوی شوێنەکەدا کێشابوو. خەڵک بە هێمنی دانیشتبوون و لاپەڕەکانی قورئانیان هەڵدەدایەوە؛ بە ڕووی قیبلەدا دەیانناڵاند و دوعایان دەکرد. دیاربوو ئەو ڕۆژانەیان لەبیر چووبو کە لەم شوێنەدا بڕیارێک درا و تەواوی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد.

وێنە: ئەبو بەکر بەغدادی رۆژی راگەیاندنی خیلافەتەکەی؛ مزگەوتی نوری
لێرەوە دەستی پێکرد؛ ڕووداوێک کە جیهانی هێنایە دەنگ تا ئەو کاتەی کۆتایی پێهات. ئەبو بەکر بەغدادی، ڕێبەری ڕێکخراوی داعش، لەسەر مینبەری ئەم مزگەوتە گەورەیەی شاری مووسڵ—کە بە “مزگەوتی نووریی گەورە” ناسراوە—بۆ یەکەمجار لە وتارێکی هەینیدا دەرکەوت و شەرعییەتی دا بە ڕاگەیاندنی “خەلافەتەکەی”.
داعش تەنیا لە سنوری ئەم مزگەوتەدا نەوەستا، بەڵکو ویستیان دەسەڵاتیان بەرفراوانتر بکەن. بە بڕوای ئەوان، هەر دەسەڵاتێک لە ڕێگەی شەریعەتەکەی ئەوانەوە نەبێت “کوفر” بوو. تەنیا شارێک و وڵاتێک نا، بگرە رووبەرێکی گەورەیان لە ناوچەکە کۆنتڕۆڵ کرد. هەرچی ئاین و مەزهەبی جیاواز لە دیدگای ئەوان بوو، بە “کافر”یان دانا و ماڵ و موڵکیان حەڵاڵ کردن؛ تا کار گەیشتە کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچانی ئێزدی لە بازارەکاندا.
لە سەردانێکی مەیدانیمدا بۆ ئەم مزگەوتەی کە فەتوای خەلافەتەکەی تێدا ڕاگەیەندرا، پرسیارم لە سەردانکەرێکی ڕۆژانەی مزگەوتەکە کرد دەربارەی ئەو ڕۆژە. ئەو گوتی:
“مزگەوتی نووری لە شاری مووسڵ و لەلایەن بڕوادارانەوە بایەخێکی مێژوویی و ئایینیی گەورەی هەیە. ئەو ڕۆژەی کە فەتواکەیان خوێندەوە، خەڵک لە ترسان و بەناچاری هاتبوونە خوتبەکەوە.”
لە کەسێکی تری ناو مزگەوتەکەم پرسی، بەڵام ویستی ناوی بڵاونەکرێتەوە و گوتی:
“ئەو ڕۆژانە تێپەڕین… ئێمە لە دۆزەخ ڕزگار بووین.”
ئەمڕۆ خەڵک بە بێدەنگی دەهاتنە نێو مزگەوتەکە و وێنەیان دەگرت. دەیانویست ئەو دیمەنانە لای خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی پیشانی نەوەکانی داهاتووی بدەن، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لێرەوە بڕیارێکی شوم درا کە بووە هۆی خوێنڕشتنی سەدان هەزار کەسی بێتاوان.
کەسێک بە ناوی(محەممەد حەسەن)، دوکانێکی لە بەرانبەر مزگەوتەکە هەیە باسی ئەو رۆژە دەکات کە وتارەکە لە مزگەوتەکە پێشکێشکرا گوتی:” هەر لە دوایی وتارەکە دۆخی شارەکە گۆرا و دەست ب کوشتن و رفاندنی خەلک کرا.
” لە نێو کوچە و کۆلانەکانی شار بۆنی خۆینی لێ دەهات، هەرچی خراپی هەبوو لە دونیا دا، بە چاوی خۆمان دیت لە نێو شارەکەدا” محەممەد وای وت.
مزگەوتی نووریی گەورە، مێژوویەکی قووڵی تەلارسازی و ئایینیی هەیە کە بۆ سەدەی ١٢ی زایینی دەگەڕێتەوە و لەلایەن “نوورەدین زەنگی”یەوە دروستکراوە. کاتێک لە مزگەوتەکە هاتمە دەرەوە، هەستم کرد دیوارەکان بۆ هەمیشە ئازاری ئەو وتارەیان لە ئامێز گرتووە کە ژیانی ملیۆنان کەسی گۆڕی.
ئێستا مزگەوتەکە بووەتە شوێنێک بۆسەرەدانیکەرانی هەموو پێکهاتەکان، بە مەبەستی بینینی ئەو شوێنەی هەموو جیهان سەرقالی کرد.
دواتر لە ناو گەڕەکەکانی دەوروبەری شارەکەدا سووڕامەوە؛ هێشتا ئاسەواری جەنگ لە سیمای کۆڵانەکاندا دیارە و بۆنی ئازاری لێدێت، کە هەمووی دەرئەنجامی ئەو فەتوایە بوو کە لە منبەری ئەم مزگەوتەوە درا و هەزاران ڕۆڵەی بێتاوانی کردە قوربانی.
