Shexan media

چوار سەربازە ونبووەکەی ئیسرائیل دۆزرانەوە

سوپای ئیسرائیل ئەو چوار سەربازەی دۆزییەوە کە دەگوترا لە گەڕەکێکی غەززە، لایەن چەکدارەکانی حەماسەوە بەدیل گیراون.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە، درەنگانی شەوی هەینی، 29ـی ئابی 2025، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشێکی چەکدارەکانی قەسسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی) لە گەڕەکی ‘زەیتوون’ـی کەرتی غەززە، حەوت سەربازی ئیسرائیلی بریندار بوون.

سەرەتا هەواڵی ونبوون و بەدیلگرتنی چوار سەربازی ئیسرائیلی لە لایەن چەکدارەکانی قەسسامەوە بڵاوبووەوە، بەڵام میدیاکانی ئیسرائیل ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، فەرماندەکانی سوپا پەیوەندییان بەو چوار سەربازەوە کردووە، دۆزراونەتەوە و تەندروستییان جێگیرە. 

پێش ئۆپەراسیۆنەکان، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی سەربازیی ‘کەتیبەکانی قەسام’، ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیرەکانی بڕیاریان داوە ژمارەی دیلە زیندووەکانیان بۆ نیوە کەمبکەنەوە و لاشەی زۆربەی دیلەکانیان بۆ هەتا هەتایە ون بکەن. 

گەڕەکی زەیتوون، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە، یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەردەوام شایەتی پێکدادان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووە بەهۆی چڕی دانیشتووانەکەی و بوونی ژێرخانەکانی حەماس.

دۆسیەی دیلەکان و بارمتەکان یەکێکە لە خاڵە هەرە هەستیار و سەرەکییەکانی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس. لە چەندین بۆنەدا، حەماس سەرباز و هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بە دیل گرتووە و ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینییەکانی لە زیندانەکانیدا گرتووە. دانوستان و مامەڵەکردن لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکان هەمیشە ئاڵۆز بووە و زۆرجار وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی وەک ناوبژیوان کاریان کردووە.