هێزت هەبێت، تۆ هەیت
کاروان حەجی
لە دوای ڕووداوەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە، دەرکەوت هەرکەسێک کەمێک بیر بکاتەوە، دەزانێت کە تەنها هێز دەتوانێت دەست بەسەر جوگرافیا و ئابووریدا بگرێت.
ڕاستە، کورد توانا و قابلیەتی هێزە نێودەوڵەتییەکانی نییە، بەڵام هەندێک شت هەن کە دەکرێت وا بکەن تۆش ببیتە ژمارەیەک لەنێو گەمە سیاسییەکان و هێزە ئیقلیمییەکاندا.
پێویستە کورد لە دوای ئەو شەڕانەی کە لە ڕۆژئاڤا دروست بوون، وانەیەکی وەرگرتبێت. دەبێت بە هەموو توانایەکەوە و بەو ئابوورییەی کە لە بەردەستیدایە، ببێتە خاوەن هێز و چەکی بەدەستەوە بێت، چونکە ئەگەر هێزت نەبێت، کەواتە تۆ بوونت نییە.
نابێت گوێ لەو پەندەش بگرین کە دەڵێت “تاکە هاوڕێ و دۆستمان چیایە”. مرۆڤ و گەلە بێهێزەکان لە کاتی شکستدا هەمیشە گلەیی لە بەختی خۆیان دەکەن و ڕوو لە قەدەر دەکەن و دەڵێن غەدرمان لێ کراوە.
ئەمە جیهانی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانە. ئەو “جۆلانی”یەی کە داواکرابوو لەلایەن ئەمریکاوە، ئێستا سەرۆکی وڵاتێکە و سەرۆکی ئەمریکاش بە ڕێزەوە پێشوازی لێ دەکات.
