Shexan media

پۆپۆلیزم دەستەبژێر ئازار دەدات

شێخان میدیا

پۆپۆلیزم، ئەو چەمکەی نەخراوەتە نێو گفتوگۆیەکی قووڵی کوردییەوە، ئەوەی هەیە ڕاگوزەرە، هەندێ وەرگێڕان و بڕێ نووسین و چەند لێکۆڵینەوەیەک، کە مخابن بارتەقای چەمکەکە نین و ڕێگەیەک ناکەنەوە بۆ ڕۆشنی، بۆ چارەسەر، بۆ ڕێگرتن لەو بەڵایانەی پۆپۆلیزم لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت، ئەو بەڵایانەی سیاسیی چەواشەکار لە پشتییەوە بەرژەوەندییەکانی ئەچنێتەوە و، خەڵکیش زیانمەند کەوتوونەتە نێو ڕووکەشێکی ڕاستی، لەنێوەخن درۆدا، لە هەمووشی خەتەرتر دەستەبژێری کۆمەڵگایە، کە دوای خەڵک، لە ڕێی پۆپۆلیزمەوە زۆرترین گورزی پێ دەکەوێت، چونکە پۆپۆلیزم، ڕاستە عەوام هەڵخەڵەتێنەرە، لێ دەستەبژێر ئازار دەدات، ناشیرینی دەکات، ئەیترسێنێ و دوا ئامانجیشی کپکردن و بێدەنگکردنییەتی، کە مەترسییە گەورەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، چونکە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا دەستەبژێر بێدەنگ بوون، کەواتە ڕامان و بیرکردنەوە و بەرهەمداریی پۆزەتیڤ چک دەکات و وشک دەبێت!..
پۆپۆلیزم لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و لە خیتابی سۆزدارانەی ئیسلامی سیاسی، کە ئەوکات خۆی لە ڕابتە و ئیغاسەوە ئەبینییەوە و دواتر بوو بە حزبی سیاسی، گەرای دانا، دواتر لە ساڵانی 2009 و بەدواوە بزووتنەوە و حزبە موعاریزەکان و، ئێستاش بەشێکی دیار لە سیاسییەکان کردوویانە بە پاژێک لە مەنهەجییەتی کارکردنیان، ئەو مەنهەجییەتەی، وەک باسمان کرد، خەڵک بە پلەی یەکەم و دەستەبژێر، بە پلەی دووەم زەرەری گەورەی لێ دەکەن.
دڵنیام ئەم ژمارەیەی گۆڤاری هەردەم، کە تایبەت کراوە بە پۆپۆلیزم، دەرگە بە ڕووی سەرجەم ڕەهەند و کایە پێوەندارەکان بە پۆپۆلیزم دەکاتەوە و دەبێتە دەرازینگێکی زانستی بۆ باشتر پێناسە و شرۆڤە و شیکردنەوەی پۆپۆلیزم، کە جێی دەستخۆشییە و هیوادارم گۆڤارەکە بەوەوە نەوەستێ و، دواتر دیبەیتێکیش ساز بکات و زەمینەی گفتۆگۆیەکی ڤاڵا بڕەخسێنێت، کە هەمووان تیایدا بەشدار بن، تەنانەت بەشێک لەو سیاسییانەیش کە ڕای جیاوازیان هەیە، تا هەمووان پێکەوە بیر بکەینەوە و بزانین لەم قۆناغە پڕ ئەرکەی کوردستاندا پۆپۆلیزم چییە و ڕەگەکانی چیین و بەرەو کوێمان دەبات و، چارەسەرەکان چیین؟
ئەوەی لە دوماهی ئەم کورتە نووسینەدا دەمەوێ باسی بکەم و لام بۆتە جۆرێک لە پرسیار، ئەوەیە: میدیای کوردی بۆ لا لەو بەڵای پۆپۆلیزمە ناکاتەوە؟ دیارە مەبەستم بەشە خراپەکەی میدیا نییە، ئەو بەشەی، کە هێزی لەسەرپێ وەستانی نییە و خۆی کەتۆتە نێو زەلکاوی پۆپۆلیزمەوە و خێری لە عەوام هەڵخەڵەتاندندایە و کاری ناشیرینکردنی دەستەبژێری بیرکەرەوەیە، بەڵکوو مەبەستم بەشە باشەکەی میدیایە، کە ئارمانجی بریتییە لە مرۆڤ و نیشتمان و بەهاکان و، لەو پێناوەشدا هەمووان دەخاتە نێو گفتوگۆ و گیانی هاوبەشی بەرپرسییەتی و پێکەوە بیرکردنەوە و چارەسەر.

________________

سەرچاوە: گۆڤاری هەردەم، ژمارە (3)