Shexan media

ئۆتیزم تابلۆیەک لە ڕەنگە نەبینراوەکانی ژیان بۆ دایک و باوکان ئالان شەهاب

شێخان میدیا

خێزانێک کە دەستەکانیان توند بە دیارییەکی گرانبەها و لە هەمان کاتدا پڕ لە ئازارەوە بەستراوەتەوە؛ خێزانێک کە حەوشەی ماڵەکەیان بوەتە مەیدانی جەنگێکی بێدەنگ. ئەوە تراژیدیای ڕاستەقینەی دایک و باوکێکە کە فێری ئەوە دەبن منداڵە ئۆتیزمەکەیان خۆشبوێ، لە کاتێکدا هەمو ڕۆژێک پارچەیەک لە ڕوحی خۆیانی بۆ دەکەنە قوربانی.
سەختییەکان وەک زنجیرەیەک لە ئازاری بەردەوام لە دەرگای خێزانی ئێمە دەدەن:
ئێمە لە زیندانی بێدەنگیداین: ناخۆشترین سات بۆ دایک و باوکێک ئەوەیە کە گوێیان لە دەنگی منداڵەکەیان نابی لە کاتێکدا بەدوای وشەیەکدا دەگەڕێن بۆ گوزارشتکردن لە ئازارەکانی. کاتێک بە هاوار و گریانی بەکوڵ و توندوتیژی وەڵام دەداتەوە. دایک و باوک لەم بێدەنگییەدا، هەمو ڕۆژێک نغرۆی جەرگسووتانێکی بێئامان دەبن.
ئێمەی خاوەن منالی ئۆتیزم ماڵاوایمان لە ژیانی ئاسایی کردووە : ئێمەی خاوەن منالی ئۆتیزم ناچار دەبین بەتەواوی دەستبەرداری خەون، کار، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و حەسانەوەی خۆمان بین. هیچ ژوانێک، هیچ سەردانێکی خێزانی و هیچ پشوو دانێک وەک خۆی نمێنێتەوە. ماڵەکەمان بۆتە قەفەسێک کە تیایدا هەموو کاتژمێرێک بەپێی ڕۆتینێکی وشکی منداڵەکە بەڕێوەدەچێت؛ بچووکترین گۆڕانکاری لەم ڕۆتینەدا دەبێتە هۆی شەپۆلێک لە شڵەژانی دەروونی.
ململانێ لەگەڵ ماندوێتی جەستەیی و ڕۆحی: تێکچوونی خەوی منداڵەکە بەو مانایەیە کە دایک و باوک بۆ ساڵانێکی درێژ لە بەئاگا بوونێکی بەردەوامدا دەژین. ئێمە هەمیشە لە دڵەڕاوکێداین کە منداڵەکەمان ئازاری خۆی نەدات، شتێک نەشکێنێت، یاخود لە ماڵ دەرنەچێت. ئەم دڵەڕاوکێیە هەنگاو بە هەنگاو جەستە دەپوکێنێتەوە و رۆحمان ماندوو دەکات.
چاوە ڕەقەکانی کۆمەڵگە: تراژیدیاکە تەنها لە ناو ماڵدا بەردەوام نابێت، بەڵکو لە دەرەوەش بەدوامانەوەن. ڕوانینی بەزەییپێداهاتنەوە، یان سەیری پڕ لە لۆمەی خەڵکی لە شوێنە گشتییەکان کاتێک منداڵەکە تووشی تێکچوونی ڕەفتاری دەبێت، برینەکانمان قووڵتر دەکاتەوە. کۆمەڵگە زۆرجار لە بری پشتیوانی، دەبێتە بارێکی قورستری دەروونی بە سەرمانەوە
پەرۆشی و ترس لە داهاتوو: پڕئازارترین پرسیار کە لە ناخی ئێمەی دایک و باوکەدا دەپزرێت ئەوەیە: “پاش ئێمە چی بەسەر ئەم منداڵەدا دێت؟” تێگەیشتن لەوەی کە هەموو تەمەنیان بەسەر دەچێت و هێشتا منداڵەکەیان ناتوانێت بە تەنها بژێت، ترسێکی کوشتندەیە کە تا دواساتەکانی تەمەنیان یەخەیان بەرنادات.
بەخێوکردنی منداڵێکی ئۆتیزم خۆڕاگرییەکی ئەفسانەیی دەوێت؛ چیرۆکێکە لە خۆشەویستییەکی بێ‌مەرج کە لەگەڵ ئازارێکی ئەبەدیدا ئاوێتە بووە.