حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە سێ ساڵی ڕابردوودا، کۆی بودجەی فیدراڵیی عێراق 622 ترلیۆن و 632 ملیار دینار بوو، لەو ژمارەیەدا پشکی هەرێمی کوردستان 58 ترلیۆن و 368 ملیار دینار بوو، بەڵام لەو بڕە تەنیا 24 ترلیۆن و 324 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کراوە. جەختیش دەكاتەوە، زیاتر لە 12 ترلیۆن و 500 ملیار دینار شایستەی بودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەغدا یەك دیناریشی لە بودجەی وەبەرهێنانە نەناردووە.
ئاماژە بەوە دراوە، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023 کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025)ی لەخۆ گرتبوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق، ئەم یاسایە پەسەند کرا، لە یاساکە پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، بە مەرجی ناردنی داهاتی نانەوتی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و پێدانی نەوتی بەرهەمهێندراو بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، یاخود وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ، لەبەرامبەر ئەمەشدا حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی خەرج بکات.
ئەوە خراوەتە ڕوو، بەڵام لە تەواوی ئەو سێ ساڵەدا، ئەو بڕەپارەیە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە کە لە یاسای بودجە دیاری کرابوو.
ئاشكرای كردووە، لە سێ ساڵی ڕابردوودا، کۆی بودجەی فیدڕاڵیی عێراق 622 ترلیۆن و 632 ملیار دینار بوو، لەو ژمارەیە پشکی هەرێمی کوردستان 58 ترلیۆن و 368 ملیار دینار بوو، بەڵام لەوبڕە تەنیا 24 ترلیۆن و 324 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کراوە کە دەکاتە رێژەی %41.6ـی پشکی شایستەی هەرێمی کوردستان و %3.9ـی کۆی بودجەی عێراق لە سێ ساڵی ڕابردوودا.
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو كە سەرەڕای دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، هاوکات بەگوێرەی یاساکە، پێویست بوو هەرێمی کوردستان لەو بڕەپارەیەی کە وەك بودجەی وەبەرهێنان دیاری کراوە، پشکی هەبێت؛ بەڵام لە کۆی 12.5 ترلیۆن دیناری بودجەی وەبەرهێنان، هەرێمی کوردستان بۆ هەر سێ ساڵی دارایی 2023-2024-2025، تەنانەت یەك دیناریشی لەو بودجەی وەبەرهێنانە بۆ نەنێردراوە.
وردەکاریی پارەی نێردراو لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ حکوومەتی
هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاندووە، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023، بریتی بوو لە 16,497,871,089,000 دینار، بەڵام لەو ساڵەدا پارەی نێردراو لەلایەن
حکوومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە 4,698,000,000,000 دینار کە بەشی زۆری بەشێوەی قەرز بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەمەش تێکڕای ئەوپارانە دەکاتە پارەی مووچەی پێنج مانگ، لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا نۆ مووچەی دابەش کرد کە ئەو چوار مووچەیەی دیکە، لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتی سێ
مانگی یەکەمی 2023ـەوە تەرخان کرا و پارەی سێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ساڵی 2023ـش لەلای حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ماوە.
وردەکاریی پارەی نێردراو لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ حکوومەتی
هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024
ئاماژە بەوەش دراوە، لە ساڵی 2024ـدا پشکی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، بریتی بوو لە 20,910,463,950,000 دینار، بەڵام کۆی گشتیی پارەی دابینکراو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 2024ـدا بریتی بووە لە 10,709,736,357,000 دینار (دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج)، 10,026,445,000,000 دینار لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە نێردراوە و 683,291,000,000 دیناریش لە داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاریی مووچە خەرج کراوە. ئەو پارەیەی کە حکوومەتی فیدڕاڵی ناردبووی، پارەی مووچەی تەنیا 10 مانگ بوو، مووچەی مانگێکی دیکەش لە داهاتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرخان کرا، بەمەش مووچەی مانگێكی ساڵی 2024 لای حکوومەتی فیدڕاڵی ماوە و خەرج نەکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2024، دوای ئەوەی ڕێککەوتن و لیکتێگەیشتن لەسەر ناردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لەنێوان هەولێر و بەغدا کرا، لەناوەڕاستی ساڵەکەوە بۆ ماوەی 5 مانگ، بڕی 399,168,961,500 دینار خراوەتە سەرهەژماری بانکیی وەزارەتی داراییی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وردەکاریی پارەی نێردراو لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ حکوومەتی
هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی ئاشكرا كردووە، حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق، لە ساڵی 2025 بڕی 9.6 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە و سەرجەم ئەو پارەیەی کە نێردراویشە
بۆ دابەشکردنی مووچە خەرج کراوە، ناردنی ئەو بڕەپارەیە لەکاتێکدایە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2025 بریتییە لە 20.9 ترلیۆن دینار، ئەو بڕەپارەیەی کە نێردراوە، کەمترە لە 50%ـی پشکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق.
روونی كردووەتەوە، لە ساڵی 2025ـدا کۆی گشتیی پارەی خەرجکراو بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوو مەتی فیدڕاڵییەوە بریتی بووە لە 10,414,555,154,731 دینار. لەم بڕەدا، دوای لێدەرکردنی لێبڕینی بڕی 814,486,145,690 دینار (لێبڕینی خانەنشینی، باجی لێبڕینی مووچە، ڕەسمی پوول، کردنەوەی ژمارەی وەزیفی و گەڕاندنەوەی قەرزی لە %3ـی خانەنشینان)، کۆی پارەی نێردراوی ماوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 9,599,971,607,631 دینار بووە بۆ 10 مانگ. هەروەها بەگوێرەی ڕێککەوتنی هەردوو شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی، بڕی تەرخانکراوی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 بریتی بووە لە 13,334,587,000,000 دینار کە وەزیری داراییی عێراقی فیدڕاڵ لە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تەرخان کرد، بەڵام لەمساڵدا تەنیا بڕی 9.6 ترلیۆن دینار بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێردراوە.
ئەمە لەکاتێکدا، بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی، پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 بریتییە لە 20,910,463,950,000 دینار، بەمەش حکوومەتی فیدڕاڵی لە ماوەی ئەمساڵەدا تەنیا 45%ـی پشکی هەرێمی کوردستانی ناردووە. بەمەش لە کۆی 12 مووچەی ساڵی 2025، تەنیا پارەی 10 مووچەی خەرج کردووە و ناردوویەتی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی فیدڕاڵی و کۆمەڵێك بیانوو
کێشەی لیستی مووچە
فەرمانگەكە ئەوەی خستووەتە ڕوو: لە ساڵی 2024 حکوومەتی فیدڕاڵی کۆمەڵێك بیانووی هەبوو لەبارەی لیستی مووچە و داوای دەکرد لیستەکە بە زمانی عەرەبی بۆ بەغدا بنێردرێت و دواتر داوای ناوی چواریی مووچەخۆران و ناوی دایکی مووچەخۆرانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، سەرجەم ئەم بیانووانە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەهێڵدران و داواکارییەکان یبەغدا چارەسەر کران.
راپۆرتی داراییی تەرازووی پێداچوونەوە
دوای هەردوو بابەتی لیستی مووچە و کێشەی UPN و بایۆمەتری، ئەمجارە وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق، داوای ناردنی ڕاپۆرتی دارایی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی کرد، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023ـەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی بۆ وەزارەتی داراییی عێراقی فیدڕاڵ ناردووە و سەرجەم داتا و زانیاریی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتووە، هەموو وەرزێکیش لە لایەن تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، بەشێوەی مەیدانی وردبینیی بۆ کراوە.
ناردنی تیمەکانی چاودێریی داراییی عێراق
دوای هەریەك لە بابەتەکانی لیستی مووچە، کێشەی UPN، بایۆمەتری و ڕاپۆرتی
تەرازووی پێداچوونەوە، ئەمجارە حکوومەتی عێراق داوای کرد تیمەکانی دیوانی
چاودێریی دارایی عێراق بێنە هەولێر و بە مەبەستی وردبینکردن لە ڕاپۆرتەکانی
تەرازووی پێداچوونەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەرگای بۆ کردنەوە و
ئاسانکاریی تەواوی بۆ کردن، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
کێشەی تەرخان
دوای هەموو ئەم بیانوو و داواکارییانەی بەغدا، لە بابەتی کێشەی تەرخان لە ساڵی
2024، جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، کێشەی بۆ مووچەی
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست کرد و لە سێ مانگی کۆتایی ساڵدا تەمویلی مووچەی بەتەواوی نەنارد و بە کۆی ساڵەکەش، تەنیا 10 مووچەی بەتەواوی نارد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا 11 مووچەی دابەش کرد کە مووچەیەکیان لە سەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو.
ساڵی 2025
بەپێی راپۆرتەكە، لەدوای نەهێشتن و چارەسەرکردنی سەرجەم بیانووەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی لە ساڵی 2024، هەر لە دەستپێکی ساڵی 2025ـدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ کرد کە کێشەی تەرخان دووبارە نەبێتەوە، داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق کرا، لە خشتەکانی بودجە، تەرخانی پێویستی بۆ جێگیر بکرێت، دوای ئەمەش بڕی 13,334,587,000,000 دیناری لە خشتەکانی بودجە وەك تەرخانی دارایی بۆ مووچە جێگیر کرا.
بەپێی کۆنووسی نێوان وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدڕاڵ و نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە 1ـی شوباتی 2025 کۆنووسەکە لەلایەن خودی وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پەسەند کراوە، بەپێی ئەو کۆنووسە، هەردوولا ڕێک کەوتن مووچەی هەر 12 مانگ تەرخانی پێویستی هەیە و کێشەی تەرخان چارەسەر کرا، بەڵام لە ساڵی 2025، دووبارە گەڕێکی دیکەی بیانووەکانی بەغدا بۆ پرسی مووچە دەستی پێکردەوە کە ئەمانە بوون:
جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو
وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند، یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو جێبەجێ دەکەن و دەبێت وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندی ئەم جێبەجێکردنە بێت، بەهۆی ئەم هەنگاوە، مووچەخۆرانی لەدایکبووی ساڵەکانی 1962-1963-1964 کە ژمارەیان 30 هەزار فەرمانبەر بوو، پێکەوە خانەنشین کران.
ڕاگرتنی سەرەمووچە، گواستنەوە و دامەزراندن
هەرچەندە لە ساڵی 2013ەوە، حکوومەتی فیدڕاڵی یەک فەرمانبەریشی بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە، ئەوەش ستەمێکە لە هەرێمی کوردستان کراوە، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی فیدڕاڵ، لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا، سەدان هەزار فەرمانبەری نوێی دامەزراندووە، بەڵام میلاکی هەرێمی کوردستان لە 2013وە پەسەند کراوە و هیچ گۆڕانکاریی تیادا نەکراوە، لەسەرەتای ساڵی 2025ـیش، بە بیانووی دروستنەبوونی پابەندیی دارایی، وەزارەتی دارایی عێراق، گواستنەوە و سەرەمووچە و هەموو جۆرە دامەزراندنێکی ڕاگرت، تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2026.
نەمانی تەرخانی دارایی
لە مانگی ئایاری 2025، جارێکی دیکە حکوومەتی عێراق بە بیانووی فرۆشتنی نەوت و نەمانی تەرخانی دارایی، گرفتی بۆ ناردنی مووچە دروست کرد و دواتر بە ڕێککەوتنێك ئەم بابەتەش چارەسەر کرا.
داهاتی نانەوتی
لەدوای نەهێشتن و چارەسەرکردنی سەرجەم بیانووەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمجارە پرسی داهاتی ناوخۆ خرایەوە بەرباس و بەغدا داوای 100٪ـی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد و کردی بە مەرجێك بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە پێشتر لە ساڵی 2024ـەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی داراییی عێراق، پشکی حکوومەتی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانی دەخستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ، بەڵام لەدوای ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی نەمانی تەرخانی دارایی، لە ناوەڕاستی ساڵی 2025، بابەتی داهاتی نانەوتییان وەک کێشەیەکی نوێ هێنایەوە بەرباس، ئەگەرچی هیچ بنەمایەکی یاساییی نەبوو، بەڵام حکوومەتی هەرێم لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران کە قووتی خەڵکە، لەو پێناوەدا نەرمیی زیاتری نواند و ڕەزامەندیی دا مانگانە 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی، ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ بکات. هەرچەندە ئەو پابەندبوونە فشارێکی زۆری لەسەر خەرجیی بەکارخستن و پارەدارکردنی پڕۆژەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
هەناردەی نەوت
لەدوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی داهاتی ناوخۆ، ئەمجارە پرسی نەوت جووڵێندرا و داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە دەبێت سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتوو ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق بکرێت، دوای ڕێککەوتن لەنێوان هەر سێ لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، دوای دوو ساڵ لە ڕاگرتنی، هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستی پێکردەوە و پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کرا.
پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
یەکێکی دیکە لە کێشە و بیانووەکانی حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پرسی بەبانکیکردنی مووچە بوو، هەرچەندە ساڵێک پێش ئەو داواکارییە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی پرۆژەی (هەژماری من)ەوە دەستی بە پرۆسەکە کردبوو، دوای گفتوگۆ و خستنەڕووی وردەکاریی پرۆژەکە بۆ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ کە خزمەتگوزارییەکانی بەراورد بە پرۆسەی تەوتین زۆر زیاتر و پێشکەوتووترە و تێچووی مانگانەشی زۆر لەو سیستمەی عێراق کەمترە، ئەو بیانووەش نەما و ئێستا زیاتر لە %90ـی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمار کراون و لە قۆناغی کۆتاییدایە.
دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا
لە 25ـی ئاداری ساڵی 2023، بەهۆی سکاڵایەکی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستا، دوای ساڵێك لە وەستانی هەناردەی نەوت، گفتوگۆکان لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێکرد و لە نیسانی 2024، هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتنێك بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، هەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێنەکردەوە، پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بودجەدا، هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە كە لەسەر ملیاران دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە.
ئەو بڕەپارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ـی نەوتی هەرێمی کوردستان تەرخان كرابوو، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچووی ڕاستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان نەدەگونجا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی نیازپاکی بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی حکوومەتی فیدڕاڵ کرد، بەڵام بەرامبەر ئەو ڕادەستکردنە، یەک دیناری وەرنەگرت، بۆ ئەوەی بتوانێ لانی کەم شایستەداراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بدات.
پرسی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت، بوو بە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، بەڵام دواتر، هەر سێ لایەن دوای گفتوگۆیەکی قووڵ و ورد ڕێک کەوتن، کاتژمێری 7ـی بەیانیی ڕۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕییەوە دەستی پێکرد و 190 هەزار بەرمیل بە بۆڕییەکە ڕەوانەی بەندەری جەیهان کرا.
لەو ماوەیەی کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرابوو، زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار بەر ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوت، دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا، زیاتر لە 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە كراوە.
